کۆمەڵی دادگەری بە ناراستەخۆ وەڵامی ئەبوبەکر کاروانی دەدەنەوە

کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی و وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە ناراستەخۆ وەڵامی لێدوانەکەی (ئەبوبەکر کاروانی) دەداتەوە و دەڵێت" شوبھاندنی رەوتێک یا حزبێکی ئیسلامی بە داعش کارێکی باش نییە". 

محەمەد حەکیم کارگێری ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ئەمڕۆ ١ی تەموزی ٢٠٢٣ لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی (کەس مەشوبھێنن بە داعش) ڕایگەیاندووە" شوبھاندنی رەوتێک یا حزبێکی ئیسلامی بە داعش کارێکی باش نییە، داعش بۆ خۆی ڕەوت و دیاردەیەکی نامۆ بوو، ئەگەر بمانەوێت لە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی بدوێن ئەبێ ببینین پرۆژەی داعش خزمەتی بە ئەجیندا و نەخشەی چ وڵات و رەوتێک کرد، دەکرێت ڕەخنە لە ھەر ڕەوت و حزبێکی ئیسڵامی بگرین و ھەڵسەنگاندن بۆ کار و سیاسەتی بکەین، بەڵام داعش جیاوازە و بەراوردکردنی بە ئاراستە ئیسلامییەکان تەواو نامەنتیقیە". 

دەشڵێت" ڕەوتی سەلەفی، لەگەڵ تێبینیم لەسەر ناوەکە  ئێستا لە ژێر ئەو ناوەدا دابەشی چەندین قوتابخانە و کۆمەڵە بوون لە جیھاندا و بە کوردستانی خۆشمانەوە، بەڵام ئینسافەن، وێرای ڕەخنە و سەرنجمان لەسەر شێواز و مامەڵەیان، خزمەتیان کردوە لە ڕووی پەروەردە و بانگەواز و خزمەت بە قورئان و فەرموودە و بیروباوەری ئیسلامی و ھەزاران گەنجیان لە نەفامی و نەزانی رزگارکردوە بۆ بازنەی پاکی دینداری و ئاساییە لە بونی دەیان ڕەوت و حزب و تەریقەتی ئیسلامی جیاواز ڕەخنە لەسەر یەک ھەبێت، ئومێد ئەکەم گفتوگۆ و ڕەخنە و سەرنجەکانمان بە زمان و ئادابی ئیسلامیانە و دوور لە گشتاندن و تەشھیر بێت". 

ئەبوبەکر کاروانی سەرکردایەتی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) ڕایگەیاند" مەلا عەبدوللەتیف من بە لادەر دەزانێت، بەڵام دەڵێت: مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی وەلی ئەمرن". 

وتیشی" ئەوەی هەڵگری عەقیدەی سەلەفیە داعشێکی بێ چەکە، ئەبو جەهلیش حاکم بێت سەلەفیەکان بە وەلی ئەمری دەزانن، سەلەفیەت زۆر مەترسیدارە، چونکە بڕوای بە نەتەوە و سنور و دیموکراسی و مافی ژن و ئازادی و دینداری کوردەواریی نییە".


AM:10:58:01/07/2023