ڤیدیۆ.. عەزیز وەیسی و کچەکە بەرهەمی (بژوێنە)یان بڵاوکردەوە

گۆرانیبێژی كوردی رۆژهەڵاتی کوردستان عەزیز وەیسی، بەرهەمێکی هەڵپەڕکێی لە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ لەگەڵ ژینای کچی بڵاوکردەوە. 

عەزیز وەیسی لە كەناڵی یوتیوبی تایبەتی خۆی ڤیدیۆ كلیپی (بژوێنە)ی بەشێوەی ڤیدیۆ بڵاوكردەوە كە بە هاوبەشی لەگەڵ ژینای كچی وتویەتی. 

بەرهەمەکە ئاوازی فۆلکلۆرە و تێکستەکەی لە لایەن عەزیز وەیسی خۆی نوسراوە، کاری ئەرەنجمێنتی لەلایەن محەمەد نێکۆییەوە بۆ کراوە و میکس و ماسترینگی لەلایەن حوسێن نێکۆییەوە بۆ ئەنجامدراوە و پەیمان زەمانی كاری دەرهێنانی بۆ كردوە.

ساڵی ڕابردووش عەزیز وەیسی لەگەڵ ژینای کچی بۆیەکەم جار بەرهەمێكی دیكەیان بەشێوەزاری هەورامی بە ناوی (كاكە لە چەماو بێت) بڵاوكردەوە. 

عەزیز وەیسی له‌ ساڵی ١٩٦٨ له سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، یەکێکە لە گۆرانیبێژە میللیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و زیاتر گۆرانیەکانی لە شێوەی بەستە و هەڵپەڕکێیە. 

ژینا کچی هونەرمەندی میللی عەزیز وەیسی-یە و لە دایکبووی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەیەکی کەمە دەستی بە کاری هونەری کردووە.


PM:06:09:02/07/2023