هەر ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆ کێشی زیادبێ پلە بەرزکردنەوەی بۆ ناکرێت

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، "هەر ئەفسەرێک کێشی جەستەی لە پێوەری دیاریکراو زیاتر بێت ئەوا  ناوی ناچیتە خشتەی پلەبەرزکردنەوەی مانگی تەموزی ئەمساڵ".

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە، عەبدول ئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ لەگەڵ دەستەی بیروڕای سەر بە وەزارەت کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە هەر ئەفسەرێک کێشی جەستەی زیاد لە پێوەری دیاریکراو بێت پلە بەرزکردنەوەی بۆ ناکرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە پابەندبوون بە یاسای لەشڕێکی تەندروستی بڕیارەکە دراوە، و لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووشدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی ئاژانسی کاروباری کارگێری و دارایی سەر بە وەزارەتەکە کردبوو کە داوای پێکهێنانی  لیژنەیەکی تایبەتمەندی کردبوو بۆ ئەوەی پشکنین بۆ کێشی جەستەی ئەفسەرەکان بکرێت و هەر کەسێک جەستەی بەپێی پێوەریی دیاریکراو نەبێت پلەی بەرز نەکرێتەوە.

بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆ ئەو ئەفسەرانە دەگرێتەوە کە لەم مانگەدا شمولی پلەبەرزکردنەوە دەکەن، بەڵام کێشی جەستەیان زیاترە لەوەی دیاریکراوە.


PM:02:33:04/07/2023