تاڵیبان ئارایشتگاکان و سەنتەرەکانی جوانکاریی لە ئەفغانسان قەدەغەکرد

بزوتنەوەی تاڵیبان ئارایشتگاکان و سەنتەرەکانی جوانکاریی لە سەرانسەری ئەفغانسان قەدەغەکرد.

محەمەد سادق عاکف موهاجیر وتەبێژی وەزارەتی ئەمرکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خراپە لە حکومەتی کاتیی تاڵیبان، لە لێدوانێکیدا بانگەشەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە قەدەغەکردنەکەی پشتڕاستکردەوە، وتی" بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی ئارایشتگا و سەنتەرەکانی جوانکاری".

لە راگەیاندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە ئەوە هاتووە، سەرکردەی تاڵیبان مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە لە کابوڵی پایتەخت و هەرێمەکانی دیکە ئارایشتگاکان و سەنتەرەکانی جوانکاریی قەدەغەکردووە. بەپێی ئەو راگەیاندراوە ماوەی مانگێک مۆڵەت بە ئارایشتگاکان و سەنتەرەکانی جوانکاریی دراوە کە کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن.

بزوتنەوەی تاڵیبان پێشتر چوونەژوورەوەی ژنانی بۆ ناو پارکە گشتییەکان، شوێنەکانی کات بەسەربردن و هۆڵە وەرزشییەکان، کارکردن لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆڵگێڕان لە زنجیرە و فلیمە سینەماییەکانی قەدەغە کردبوو.

جگە لەوە پێشتریش، خوێندنی کچانی لە دامەزراوەکانی سەرووی سەرەتایی قەدەغە کردبوو.


PM:02:46:05/07/2023