لێدوانی نوێی مەسرور بارزانی سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) ڕایدەگەیەنێت" کێشە هەیە لە هەرێم کە دەبوو گۆڕانکاری ڕیشەی بکرایە و تەنها چارەسەر نەکرایە". دەشڵێت" لەم کابینەیەدا هەموو مووچەکان دراوە". 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمشەو چوارشەممە ٥ی تەمووز لەدیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان رایگەیاند" لە سەرەتای کارەکانی کابینەی ئێستای حکومەتەوە هەوڵمانداوە کێشەکان چارەسەر بکەین و ئەو کارانەی پێشتر بە ئەنجام گەیشتوون بکەین، بەڵام شتگەلێک هەبوون کە چاکسازی بەس نەبوو بۆ چارەسەرکردن، بەڵکو دەبوو لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە بگۆڕدرێت، بۆ نمونە پێموایە بەرنامەی دیجیتاڵکردن بۆ دامەزراوەکانی حکومەت ئاسانکارییەکی زۆر بۆ حکومەت و هاوڵاتیش دابین دەکات". 

وتیشی" دەزانم کێشە زۆرە، بەڵام بەشێکی زۆریان لەلایەن لایەنە ناوخۆییەکانەوە هەڵبەستراون کە بەرژەوەندییەکانیان زیانیان پێگەیشتووە و هەستیان بە مەترسی کردووە، هەروەک چۆن لەسەر ئاستی دەرەکی شەڕی ئەم حکومەتە کرا بۆ ئەوەی نەتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات لە ڕێگەی فشارە یاسایی و ئابووری و سیاسییەکانەوە". 

بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێستا لە قۆناغێکداین کە تێیدا زۆرێک لە قەیرانەکان تێپەڕین، قەیرانەکانیش ماون، بەڵام هیوادارین بتوانین ڕووبەڕووی تەحەددیاتی داهاتووش ببینەوە و بەسەریاندا زاڵ بین".

سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، مەسرور بارزانی ڕوونیکردەوە" پرسی مووچە یەکێک بوو لە پرسە گرنگەکان، وەک ئەوەی پشتڕاستی دەکەینەوە کە لەم کابینەیەدا هەموو مووچەیەکمان داوە بە فەرمانبەران سەرەڕای ئەو قەیرانانەی پێیدا تێپەڕین".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بارزانی جەختی لەوە کردەوە" لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبین لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی نێوانمان کە نەگەیشتووینەتە چارەسەر، هەروەها مەبەستی حکومەتی هەرێم باشە و بینیتان کە ئێمە نیشانماندا زۆر نەرمی نواند بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام دەستبەرداری مافەکانی هەرێم نابین و کەس مافی ئەوەی نییە دەستبەردارییان بێت، چونکە مافی گەلە و بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغداد بە ڕێگەی ئاشتیانە، بەپێی ئەو دەستوورەی کە مافەکانمان گەرەنتی دەکات". 


PM:10:26:05/07/2023