كۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەكێتی "شكستی هێنا"


كۆبوونەوە باڵاكەی ئەمڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە هاوینەهەواری پیرمام بەڕێوەچوو "شكستی هێنا".

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەكێتی لە هاوینەهەواری پیرمام بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و فازیڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی بەڕێوەچوو، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەردوولا كۆبوونەوەكە "شكستی هێناوە".

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و بەتوڕەییەوە رایگەیاند "هاتووین بۆ خزمەتی گەلەكەمان، قسە و كرداری نامەسئولانە كاریگەری لە ئێمە ناكات و ئێمە هەر بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین رێكبكەوین، بەڵام دڵنیابن لە ئەمڕۆوە یەكێتی بە بێدەنگی نامێنێت و هەر شتێك رووبدات وەك خۆی جواب دەدرێتەوە، یەكێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە و قوربانییە و هێزە".

سەبارەت بەوەی لەگەڵ پارتی لە رێككەوتن نزیكن؟، بافڵ تاڵەبانی وتی "لەوە دەچێت لە یەكتر نزیك بین؟".

بافڵ تاڵەبانی بە میدیاکانی راگەیاند" چەند رۆژێکە هەفتەیەکە قسەی نامەسولانە دەکرێت بەرامبەرمان، بەلآم ئێمە حزبی شەهیدانین بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵی خۆمان".

هەروەها وتیشی " ئێمە لەسەر هیچ لە کۆبوونەوەکەدا رێکنەکەوتین، لەسەر ئەوە رێککەوتین کە بەلاغ دەرنەکەین".

لە بەرامبەردا فازڵ میرانی رایگەیاند "رێككەوتنمان وا نەبوو، خاڵی هاوبەش و جیاوازیمان لەگەڵ یەكێتی هەبوو، برادەرێكمان لێدوانێكی دابوو و برادەرانی یەكێتی پێی نیگەران بوون، بەڵام ئەو قسەی بەفەرمی هی سیاسەتی پارتی نەبوو".

میرانی روونیكردەوە "نەمانوتووە یەكێتی هێز نییە، بەڵكو لە دۆخی خراپدا سەرۆك وەزیرانمان پێداون، پارتی و سەرۆك بارزانی واقیعی كوردستانیان لەبەرچاو گرتووە، مامەڵەی یەكێتیمان بە كورسی نەكردووە".

هەروەها وتیشی "ئەم جۆرە لەهجەیە لە سیاسەتدا زۆر مەرغوب نییە، چونكە سیاسەت نە میزاجە و نە دەرگای داخراوە، سیاسەت زانستە و دەبێت مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان بكەین".





PM:04:21:09/07/2023