پارتی: لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە


پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، گفتوگۆی بونیادنەرانەیان لەگەڵ یەكێتیدا كردووە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا دووبارە هەردوو مەكتەب سیاسی كۆدەبنەوە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە، لە كۆبوونەوەی پیرمامدا شاندی پارتی و یەكێتی، گفتوگۆی زۆر باش و بونیادنەرانەیان كردووە و لەچەند رۆژی داهاتووشدا دووبارە كۆدەبنەوە.

ناوبراو وتویەتی "هەوڵ دەدەین لەگەڵ یەكێتیدا جیاوازییەكانیان چارەسەر بكەین و بەردەوام یەكتری ببینین و لە یەكتری دوور نەبین".

رۆژی یەكشەممە شاندێكی مەكتەب سیاسی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی پیرمامیان كرد، بەڵام بەهۆی لێدوانێكی سالار عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی، كۆبوونەوەكە شكستی هێنا و بافڵ تاڵەبانی بە تووڕەییەوە كۆبوونەوەكەی جێهێشت.



PM:07:50:11/07/2023