وەزیرێكی یەكێتی بەشێوەیەكی "جیاواز" باسی كابینەی نۆ دەكات


د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت "چیرۆكی چوار ساڵی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چیرۆكێكی ئەوەندە پڕشنگدار و جوانە، ئەوەندە خۆڕاگرانەیە كە مرۆڤ دەبێ لە لاپەڕەكانی مێژوودا بە زێڕ بینووسێتەوە".

د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كرودستان لە مەراسیمێكدا لە سنوری شاری دهۆك ڕایگەیاندووە "چوار ساڵی پڕ لە قەیران و سەخت بوو، زۆربوون ئەوانەی پێیانوابوو نە كابینەی نۆیەم و نە وەزارەتی خوێندنی باڵا و هیچ سێكتەرێك ئەو قۆناغە بە سەركەوتووی تێپەڕێنێت، بەڵام سەربەرز و روو سوورم كە ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوە و رایگشتی وەستاوم و دەڵێم، نەك نەكەوتین، بەڵكو سەركەوتین، نەك سازشمان نەكرد، بەڵكو بە ئیرادەوە وەستاینەوە".

ناوبراو وتویەتی "لە چوار ساڵی رابردوودا نەك بارگرانیمان نەخستە سەر كەسوكاری خوێندكاران، بەڵكو خۆمان تەقبوولی ئەو بارگرانییەمان كرد، لە ئەنجومەنی وەزارەت %45ی كرێی خوێندنمان داشكاند بەرمەبنای سیاسەتی كابینەی نۆیەم، خۆشبەختانە لە ساڵی یەكەم بە گشتی توانیمان بڕی 60 ملیار دینار بۆ كەسوكاری خوێندكاران بگێڕینەوە، لە ساڵی دووەمیش بڕەكە 63 ملیار دینار بووە، هەروەها ئەمساڵیش بەو پەڕی دڵخۆشییەوە دەڵێم 67 ملیار دینارمان بۆ كەسوكاری خوێندكاران گێڕاوەتەوە، لەم كابینەیە دەستمان بۆ زیادكردنی هیچ خزمەتگوزارییەكی وەزارەت نەبردووە، بەڵكو گەڕاندومانەتەوە، بۆیە دەڵێم ئەگەر ئیرادە هەبێت دەتوانین كاری باش بكەین".

هەروەها وتویەتی "چیرۆكی چوار ساڵی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چیرۆكێكی ئەوەندە پڕشنگدار و جوانە، ئەوەندە خۆڕاگرانەیە كە مرۆڤ دەبێ لە لاپەڕەكانی مێژوودا بە زێڕ بینووسێتەوە".

لێدوانی ئەو وەزیرەی یەكێتی لە كاتێكدایە كە تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهۆی نیگەرانییان لە شێوازی حوكمڕانی هەرێم لە كابینەی نۆیەم، لە مانگی 10 هەتا سەرەتای مانگی 5ی ئەمساڵ بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كرد.



PM:11:54:11/07/2023