رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاویكرده‌وه كه واشنتن له‌وه ده‌گۆڵێته‌وه گرێبه‌ست و رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان به‌غدا و تاران بۆ گۆڕینه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق به غازی ئێرانی رابگرێت.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه عێراق پشتی به غازی ئێران به‌ستوه بۆ كارپێكردنی وێستگه‌كانی كاره‌با و تاران قه‌رزێكی زۆری لای به‌غدایه و به‌غداش به‌هۆی سزاكانی ئه‌مریكاوه بۆسه‌ر ئێران ناتوانێت بیداته‌وه.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه عێراق و ئێران رێككه‌وتون كه به‌غدا نه‌وتی خاو به ئێران بدات و له‌به‌رامبه‌ردا غازی لێ وه‌ربگرێت، ده‌وترا به‌شێك له‌و نه‌وته‌ش كه ده‌درێت به ئێران، نه‌وته‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه كه ئێستا كه‌وتوه‌ته ده‌ست به‌غدا.
به‌گوێره‌ی ڕێککەوتنەکەی نێوان عێراق و ئێران پێدانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان تەنیا ئەو غازە سرووشتییە ناگرێتەوە کە لەمەودوا عێراق له ئێرانی دەیکڕێت، بەڵکو هەموو ئەو قەرزە ١١ ملیار یۆرۆییەش دەگرێتەوە کە عێراق دەبێت بیداتەوە ئێران و ئێستا لە بانکی (تی بی ئای) دانراوەو به‌هۆی سزاكانی ئه‌مریكاوه ئێران ناتوانێت ئه‌و بڕه پاره‌یه رابكێشێت.
دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌و رێككه‌وتنه، رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه كه به‌هۆی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌سه‌ر پرسی وزه ئاراسه‌ی ئه‌مریكای كردوه، گرژی له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا دروست بووه، واشنتن فشار له به‌غدا ده‌كات و رێگه‌نادات به‌غدا قه‌رزی كڕینی غاز به تاران بداته‌وه، ئێرانیش غازی له عێراق بڕیوه‌و ئێستاش وێستگه‌كانی كاره‌با په‌كیان كه‌وتوه‌و خه‌ڵكی عێراقیش ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن.
ئەم ڕۆژنامەیە باسی لەوەشکردووە"سودانی واشنتۆنی له رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران و گۆڕینه‌وه‌ی نه‌وت به غاز ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌و به‌رپرسانی كۆشكی سپیش له ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كه ده‌كۆڵینه‌وه تا بزانن ئه‌مه سزاكانی سه‌ر ئێران پێشێل ده‌كات یان نا، ئه‌گه‌ر پێشێلی كرد ئه‌وا له‌وانه‌یه ئه‌مریكا رێگه نه‌دات ئه‌و رێككه‌وتنه سه‌ربگرێت"
رۆژنامه‌كه له‌زاری به‌رپرسێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا بڵاویكردوه‌ته‌وه كه ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی سودانی ئاراسته‌ی ئه‌مریكای كردوه‌و گوایه واشنتن كه‌رتی وزه‌ی له عێراق په‌كخستوه "بێ بنه‌ما و مایه‌پوچن" و وتویه‌تی: ئه‌وه ئێرانه كه ده‌یه‌وێت به گرتنه‌وه‌ی غازه‌كه‌ی عێراق تووشی كێشه بكات.