هێمن هەورامی: پێویستە تا کۆتایی ئەم مانگە پرسی هەڵبژاردن یەکلای بێتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگە پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم یەکلایی بکرێتەوە"، جەختیش دەکاتەوە کە هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نێوان حزبەکەی و یەکێتی دیاری نەکراوە. 

هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئەمڕۆ شەممە ١٥ی تەموزی ٢٠٢٣ لە لێدوانێکدا دەربارەی پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم بە میدیاکانی نزیک لە حزبەکەی ڕاگەیاند" پارتی سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و  پشتیوانیش لە نامەکەی سەرۆکی هەرێم دەکەین بۆ کۆمسیۆن". 

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمسیۆنی عێراق لە بیانوگرتن بەردەوام بێت، نێچیرڤان بارزانی بەپێی یاسا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بڕیاری کۆتایی دەدات. 

وتیشی" مەسەلەی تەکنیکی تەنها سیاسییە و دەتوانرێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، پێویستە پێش (٣١)ی تەموز ئەو پرسە یەکلای بکرێتەوە".

هەورامی دەربارەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەی نێوان هەردوو حزب دیاری نەکراوە. 


PM:01:19:15/07/2023