خالید شوانی: حکومەتی عێڕاق هیچ بڕیارێکی سەبارەت بەناردنی پارە بۆ هەرێم نەداوە

وەزیری دادی حکومەتی فیدڕاڵ رایگەیاند: "لە کۆبونەوەی ئەمرۆی حکومەتی عێڕاقدا هیچ بڕیارێک سەبارەت بەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نەدرا"،لەبارەی زەوی وزارەوە ناوچە جێناکۆکەکان وتیشی "بڕیاردرا بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش كە تایبەتە بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک، پاشانیش رەوانەی پەرلەمان دەكرێت".

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٨ی تەموزی ٢٠٢٣ خالید شوانی وەزیری داد لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا کە دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران سازیکرد رایگەیاند، "لە کۆبونەوەکەی ئەمرؤماندا هیج بڕیارێک لەسەر پارە بۆ موچي خۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە".

 لە بارەی کێشەی زەوی و زاریشەوە خالید شوانی وتیشی: "هەواڵی خۆشم بۆ كەركوكیەكان پێیە، بەكۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش پەسەندكرا كە تایبەتە بەزەویە داگیركراوەكانی كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری  و پێدانی بەعەرەبی هاوردە".

باسی لەوەشکرد "بەپێی پرۆژەیاسا پەسەندكراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران، نۆ بڕیار لەبارەی زەوییەکان هەڵدەوەشێنندرێنەوە کە لە ساڵی ١٩٧٦ـەوە لەسەردەمی رژێمی بەعس دەركراون، لەڕێگەی ئەو بڕیارانەشەوە زەوی کورد و تورکمانەكان داگیركراون".

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەیاساكە لەئەمڕۆوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردن، ئەمەش هەواڵێكی گرنگە بۆ كورد و توركمانەكانی كەركوك و دژی هیچ لایەن و پێكهاتەیەكی دیكەش نیە، داواكاریشین لەپەرلەمانتاران لەماوەیەكی كەمدا پەسەندی بكەن، تا بخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە.

لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتدارێتی سەدام حسێن سەرۆكی ڕژێمی عێراق هەر لە ١٧ی تەمموز/٧ی ١٩٦٨ تاوەكو ٩ی نیسانیی/٢٠٠٣ چەندین مەرسومی کۆماری و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە لەلایەن ئەو ڕژێمەوە دەرچون، بۆ گۆڕینی سنوری ناوچە جێناکۆکەکانی کوردستان.


PM:06:04:18/07/2023