كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خۆی یەكلایی كردەوە


بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، ناتوانن لە یەك كاتدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، نوسراوێك بە كۆمسیۆن گەیشتووە لە بارەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانەوە و لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی كۆمسیاران گفتوگۆی لەبارەی میكانیزمی كار و رێكاری تایبەتی ئەو هەڵبژاردنەی هەرێم دەكرێت.

ناوبراو روونیكردۆتەوە "كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ١٧٣ ناوەندی تۆماركردنی لە پارێزگای دهۆك و سلێمانی و هەولێر كردووەتەوە و پێشوازی لە دەنگدەران دەكات لە كاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی تاوەكو ٢:٠٠ی دوای نیوەڕۆ".

هەروەها وتویەتی "هەزار و ٥٠٠ كەسی نوێ بۆ لیستی دەنگدەرانی هەرێم زیادیان كردووە و میكانیزمی هەڵبژاردنەكانی كوردستان جیاوازە، چونكە ژمارەی دەنگدەران سێ ملیۆن و ٦٤١ هەزار و ٥٦٦ كەسە و لە رێگەی كارتی بایۆمەتری ئەنجام نادرێت، بەڵكو بە تۆماری كاغەزی ئەنجام دەدرێت".

عیماد جەمیل دەڵێت "تائێستا كۆمسیۆن یاسای هەڵبژاردنی لە هەرێمەوە 
پێنەگەیشتووە لە ئێستادا قورسە وادەی هەڵبژاردنی هەرێم دیاریبكرێت و ناتوانرێت هەڵبژاردنی هەرێم و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە یەك كاتدا ئەنجام بدرێت".



PM:07:26:18/07/2023