پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە بانکی رافیدەین و رەشید دەکات

لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، دەیانەوێت هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید کە حکومەتی عێراق سەرپەرشتییان دەکات بانگ بکەن بۆ ئەنجومەنەکە سەبارەت بە پێشینەکان و قەرزە داراییەکان کە ئەو دوو بانکە دەیدەن بە هاوڵاتییان.

ئەسعەد توبی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "لیژنەکە هەفتەی داهاتوو میوانداریی بەڕێوەبەرانی بانکی رافیدەین و رەشید دەکات بۆ زانینی قەرزەکان و بڕی سوودی ئەو قەرزانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هەردوو بانکەکەوە بۆ فەرمانبەران و هاوڵاتییان دەستیپێکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە باس لەوەدەکرێت کە هەندێک جار رێژەی سوود دوو هێندە زیاد دەکات".

ئاماژەی بەوەشدا، لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنەکە کار لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودی قەرزی نیشتەجێبوون دەکات کە لەلایەن بانکە حکومییەکانەوە دەدرێت بە هاوڵاتییان بەمەبەستی زیادکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی قەرز دەیگرێتەوە و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.

هاوڵاتییان گلەیی لە رێنماییەکانی ئیدارەی بانکەکان دەکەن سەبارەت بە سوودی قەرز بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان.


PM:04:45:19/07/2023