ناوچەی بازاڕی ئازاد لە نێوان ئێران‌و عێراق دەکرێتەوە


ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، حوجەتوڵڵا عەبدولمالیک، دامەزراندنی یەکەم ناوچەی بازرگانی ئازادی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراقی لە ناوچەی مەهران ڕاگەیاند.

لە پەراوێزی سەردانەکەی وەزیری کاری عێراق بۆ بۆ دووەمین پێشانگای ناساندنی وەبەرهێنان و تواناکانی هەناردەکردنی لە شاری مەشهەد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت، عەبدولمەلیک وتی" لەم دواییانەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق خاڵێکی لە دیوەکەی تری سنووری مێهران لە واسیت لەبەرچاو گرت بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئازادی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا، کە لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لەسەری ئەنجامدەدرێن."

ناوبراو هیوای خواست کە یەکەم ناوچەی بازرگانی ئازادی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق تاکۆتایی ئەمساڵ بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

عەبدولمالیکی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وەبەرهێنەرانی عێراق ئارەزووی هەناردەکردنی کاڵاکانیان بۆ شوێنەکانی دیکە دەکەن بە تێپەڕین بە ئێران و گەیشتن بە زەریای هیندی و شوێنانی تر، لە ڕێگەی ناوچە ئابورییە ئازادەکانی ئێرانەوە.

تا ئێستا دیار نییە ئەمەریکا هەڵوێستی لەسەر ئەم هەنگاوەی عێراق چییە، لە کاتێکدا سزا ئابورییەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران درێژەی هەیە.




PM:08:14:21/07/2023