ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی کفری پێکدەهێنێت

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوون لەبارەی کێشەکانی هاوڵاتییانی قەزای کفری کە نزیکەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان.

کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی تەموزی ٢٠٢٣ ڕایگەیتاند" ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ناڕەزایەتییەکانی قەزای کفری، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و سکرتێری ئەنجومەن". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی پارێزگا پاڵپشتی سەرجەم داواکارییەکانی خەڵکی قەزای کفرییە و ئەوەی لە توانایدا بێت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیدا دەیکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ئیدارەی خۆجێی، سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەستن بە حکومەتی هەرێمەوە، ئەنجومەن پشتگیری سەرجەم ئەو داواکاریانە دەکات. 

کاسترۆ مەعروف ڕاشیگەیاند" ئەنجومەنەکە هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئاسانکاری ڕێکارەکانی پەیوەست بە کردنەوەی ئەو کارگانەی کە هەلی کار بۆ بێکاران دەڕەخسێنن، هەروەها پڕۆژە بازرگانییەکان".

دانیشتوانی قەزای کفری نزیکەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە بۆ داواکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێویست کە بارودۆخی قەزاکە باشتر بکات. 


PM:02:31:23/07/2023