به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ عیراق له‌گه‌ڵ‌ به‌شار ئه‌سه‌د كۆده‌بێته‌وه‌


كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ سوریا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ عیراق له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ سوریا كۆبۆته‌وه‌ و له‌ هه‌وڵه‌كانی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌ داعش ئاگاداری‌ كردووه‌ته‌وه‌.

ئاژانسی‌ عه‌ره‌بی‌ سوریا بۆ هه‌واڵ‌ "سانا" بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ فالح فه‌یاز راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ عیراق له‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌ختی‌ سوریا له‌گه‌ڵ‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ ئه‌و وڵاته‌ كۆبۆته‌وه‌.

ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی‌ عیراق، سه‌رۆكی‌ سوریای‌ له‌ دوایین گۆڕانكارییه‌كانی‌ بارودۆخی‌ عیراق و هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌ت و گه‌لی‌ عیراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆریستان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌.

 به‌گوێره‌ی‌ ئاژانسه‌كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ په‌ره‌پێدانی‌ هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی‌ برا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی‌ سوریا و عیراق بووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌كات".

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی‌ خۆرئاوا بیرۆكه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ سوریا له‌ شه‌ڕ دژی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌ داعش كه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ سوریا و عیراقدا گرتووه‌، ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و پێیانوایه‌ كه‌ به‌شار ئه‌سه‌د به‌شێكی‌ كێشه‌كه‌یه‌ و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات جێبێڵێت.



PM:10:38:16/09/2014