وادەی ناردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی هەرێم رایدەگەیەنێت" ئەم هەفتەیە بەغداد بەشێک لە پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت". 

عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاندووە" ئەم هەفتەیە بەغدا بەشێک لە پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، لەگەڵ گەیشتنی ئەم بەشە بودجەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ دەست دەکات بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

ڕاشیگەیاند" گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە نەپچڕاوە و رۆژانە گفتوگۆ دەکرێت لەسەر لایەنە تەکنیکییەکانی یاسای بودجە، هەروەها کۆمەڵێک لێکتێگەشتن و بابەت هەیە دەبێت یەکلای ببێتەوە، بە تایبەت  بابەتی تەکنیکی و رێنمای جیىەجێکردنی یاسای بودجە". 

وتیشی" داوامان کردووە کە دەبێت مووچەخۆری هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق، لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن".


AM:08:29:25/07/2023