"حکومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانین لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم"

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لەبارەی مووچە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێشتر حکومەتى هەرێم هەموو مانگێک مووچەى بۆ هاونیشتیمانیان دابەشکردوە، بەڵام ئێستا ئەوە ئەرکى حکومەتى عێراقە". 

‎پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەران بەیاننامەیەکی  بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە" ‎پرسی مووچەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان گرنگترین بابەت و ئەولەوییەت بووە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەتا ئەو ڕۆژەی پشتمان بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەست بۆ دابینکردنی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی هاونیشتمانیانی دابین کردووە". 

دەشلیت" ئێستا کە داهاتی نەوت بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراقی لە دەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانین، لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە، لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێ گەیاندووە و تا ئەمڕۆش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت". 

‎پێشەوا هەورامانی لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا پەیامێک ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت" لە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان نەداوە و وەک هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە، لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان". 


PM:12:24:25/07/2023