نەوەی نوێ پەیامێكی توند ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكات


جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوا دەكات لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی پێنادرێت، ئەوا حكومەت رادەستی ئەوان بكرێت.

هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئەگەر مووچەی خەڵكتان پێ دابەش ناكرێت و وڵاتتان بۆ بەڕێوە نابرێت، ئەوە تەسلیمی ئێمەی بكەن و ئێمە مووچە دابەش دەكەین".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "مانگانە سەدان ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ كوا؟ ئەم هەموو پارەی باج و هاتوچۆ و گومرگ و سەرانەیە كوا؟ كوا پارەی ئەو نەوتەی رۆژانە بە تانكەر دەینێرنە دەرەوە؟ كوا پارەی ئەو نەوتەی دەیدەنە پاڵاوتگەكان و بەنزین و نەوتەكەی بە خەڵك و بە عێراق دەفرۆشنەوە؟ كوا پارەی نەوتی ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵ كە بایی دوو ملیار دۆلار نەوتان فرۆشتووە؟".

هیمداد شاهین روونیكردۆتەەوە "كە رێكەكەوتنتان كرد لەگەڵ بەغداد بە تەنها سەرۆكی ماوەبەسەرچو رۆیشت و كردتانە دەستكەوتی خۆتان! ئێستا كوا ئەو رێكەوتنەی كە خۆتان لەگەڵ بەغداد واژۆتان كرد و هیچ لایەنێكی تر ئاگاداری نییە؟ بۆ نەوت تەسلیمی بەغداد ناكەن تا مووچەی فەرمانبەران بێت؟".


وتەبێژی نەوەی نوێ دەڵێت "ئێوە نە حوكمڕانیتان پێدەكرێت و نە هی ئەوەن تەنانەت ماڵی خۆشتان بەرێوەبەرن. ئەگەر تۆزێك حەیا و شەرمتان تیا مابێت ئەوا رۆژێك زوتر دەسەڵات بەجێی دەهێڵن".

بەهۆی نەناردنی پشكی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، تائێستا حكومەتی هەرێم مووچەی مانگەكانی 7 و 7ی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەكردووە.



PM:01:00:26/07/2023