زانیاری نوێ سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم رایدەگەیەنێت" حکومەتی هەرێم ئەولەوییەتی دابینکردنی مووچە بووە، گفتوگۆکانیشی لەگەڵ بەغداد هەر بەو ئاراستەیە بووە". 

جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمشەو چوارشەممە سەبارەت بە پرسی مووچە بە کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاندووە" ئەوەی پەیوەستە بە مووچە تەواو بووە، تەنیا هەندێک بابەتی دیکە ماوە کە نەمانویستوە وابەستەی بکەین بە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، داوایانکردووە حکومەتی عێراق لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات. 

وتیشی" حکومەتی هەرێم نەوەستاوە لە بابەتی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بودجە و مووچە، کۆبوونەوەکان ئەمڕۆ هەن و بەیانیش بەردەوام دەبن، هەروەها حکومەت لە سەرەتاوە ئەولەوییەتی دابینکردنی مووچە بووە، گفتوگۆکانیشی لەگەڵ بەغدا هەر بەو ئاراستەیە بووە". 

لەسەر پرسی داهاتی نەوتی و نانەوتی، جوتیار عادل ڕاشیگەیاند" گەشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، وا رێککەوتن کراوە کە داهاتی نانەوتی نەبێتە بەربەست بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها رۆژانە نزیکەی ٧٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت و کۆمپانیاکە بە بازاڕی دەکات، ئەم بڕە نەوتەش لەسەر داواکاری حکومەتی فیدراڵی بووە".

دەشڵێت" ئێمە نەوتمان بە بەڵگەوە رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە، بەیانی داتاکان بڵاودەکەیەنەوە کە لە رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە رۆژانە چەند نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کراوە". 


PM:10:33:26/07/2023