زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

بڕیارە هەفتەی داهاتوو حکومەتی عێراق زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێم بکات. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێدوانێکدا بە کەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاندووە" هەفتەی داهاتوو لە رێگەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە ٩٠٦ ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت". 

وتیشی" بەپێی دوایین رێککەوتنی هەردوولا، لە بودجەی گشتی، بۆ لەمەودوا مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار دەدرێتە هەرێمی کوردستان". 
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە تەرخاندەکرێت، لە بەرامبەردا جگە لەوەی لە یاسای بودجە چارەنوسی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە یەکلایی کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە رادەستکردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکان بە حکومەتی عێراق بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی کە دواتر ٥٠٪ی بۆ حکومەتی عێراق و ٥٠٪ی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.


PM:05:27:27/07/2023