"بكوژ"ی ئەفسەرەكەی پێشووی پارتی لە زاخۆ راگەیەنرا


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئێوارەی 23ی تەممووزی 2023 لە شاری زاخۆ لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا ئەفسەری ماندوونەناس شەهید محەممەد میرزا شەهید بوو".

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "دوای لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە لەلایەن تیمەكانمانەوە لەسەر ئەو كەس و گرووپەی ئەو كارەیان ئەنجامداوە، بەڵگە لەبەردەستە كە لەلایەن پەكەكەوە نێردراون".

ئەنجومەنی ئاسایش وتویەتی "لە بەرەبەیانی 23ـی تەمموزی 2023، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێك لە جۆری هیۆندای تۆكسۆن كە رەنگی سپی بووە بە تابلۆ ژمارەی ساختەوە، بۆ خۆدزینەوە لە كامێراكانی چاودێری و بازگەكان لە رێگەیەكی لاوەكییەوە چوونەتە ناو شاری زاخۆ و چاودێری ماڵ و ئۆتۆمبێلی عەمید محەممەد میرزایان كردووە".

هەروەها دەڵێت "كاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیان، بۆمبێكی لكێندراو بە ئۆتۆمبێلی عەمید محەممەد میرزا لە بەردەم ماڵەكەی لكێندراوە و كاژمێر 7:49ی ئێوارەی رۆژی 23ی ئەم مانگە لەسەر شەقامێكی گشتی شاری زاخۆ لە رێگەی ریمۆت كۆنترۆڵەوە، ئۆتۆمبێلەكە دەتەقێندرێتەوە".

ڤیدیۆکە لەم لینکەوە ببینە




PM:10:33:28/07/2023