ڕاگرێکی کۆمەڵناسی بۆ کۆلێژی پەروەردەی زانست لە زانکۆی سلێمانی دادەندرێت

‌وێنەی مەڕاسیمی گۆڕینی ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی زانستی
 بە پێچەوانەی پسپۆڕیەکەیەوە ئەمڕۆ ٢ی ئابی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، ڕاگرێک بۆ کۆلێژی پەروەردەی زانستی لە زانکۆی سلێمانی دانرا کە پسپۆڕیەکەی لە بواری کۆمەڵناسیدایە.

لە میانەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە بڕیاردراوە لە زانکۆی سلێمانی ئەنجامبدرێت کە کۆی پۆستەکانی ٢٢ پۆستە، هەندێکی ئەنجامدراوە وهەندێکیشیان هێشتا ئەنجام نەدراون، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی زانکۆ لە مەڕاسیمێکدا ڕاگرێکیان بۆ کۆلێژی پەروەردە زانستی دانا کە پسپۆڕی لە بواری کۆمەڵناسیدا هەیە، لە کاتێکدا لەو کۆلێژە چەندان پڕۆفیسۆر وپڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری زانستی کۆلێژەکە ساڵانیکی زۆرە وانە دەڵێنەوە.

کۆلێژی پەروەردەی زانستی لە زانکۆی سلێمانی کە بەشەکانی لە فیزیا وکیمیا وبایەلۆجی وبیرکاری پێکدێت، ئەوە ڕاگرەی بۆ ئەم کۆلیژە دانراوە لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆری پێنج کەسییەوە وسەرۆکایەتی زانکۆ، پسپۆڕی بواری کۆمەڵناسییە.

ماڵپەڕی سپی پەیوەندی کرد بە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی دکتۆر زانا مەحموود، لە وەڵامدا پێی ڕاگەیاندین "ئەو کارانە پەیوەندی بە سەرۆکی زانکۆوە دکتۆر کۆسار محەمەدەوە هەیە"، (سپی) پەیوەندی بە سەرۆکی زانکۆی سلێمانی کرد و هیچ وەڵامێکی دەست نەکەوت.

بەپێی بەدواداچونەکانی ماڵپەڕی سپی زۆرێک لەو گۆڕانکاریانەی کراون لەسەر بنەمای حزبی ئەنجامدراون.



PM:04:04:02/08/2023