بەهۆی بەڕێوەچوونی خوولی دووەمی پۆلی ١٢ هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن

بەهۆی بەڕێوەچوونی خوولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی ١٢ی ئامادەییەوە بە بڕیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك ڕۆژانە چەند كاتژمێرێك هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن.

سبەی یەک شەممە ٦ی ئابی ٢٠٢٣، تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بۆ خولی دووەم دەست پـێ دەکـات و ڕۆژی دوو شەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٣ كۆتایی دێت.

بژوێن عەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەبازاڕكردنی كۆمپانیای ئای كیو بۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ڕایگەیاند، "لەسەر بڕیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەكاتی بەڕێوەچوونی خوولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن".

ڕاشیگەیاند، "لە سبەینێوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك ڕۆژانە لەكاتژمێر ٦ بۆ ٨ ی بەیانی هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن".

ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بۆ پاراستنی سەلامەتی تاقیكردنەوەكان و ڕێگری لە دزەپێكردنی پرسیاری تاقیكردنەوەكانە، كە ساڵانە لەكاتی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بۆ هەردوو خوولی یەكەم و دووەم ئینتەرنێت ڕادەگیرێت.



PM:07:47:05/08/2023