هەرێم كەمال ئاغا: زانیارییەكانی وەفدی حكومەت پشكی هەرێمی كەمكردووەتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پێشتر وەفدی هەرێم ژمارەی ناڕاستیان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغدا داوە، حكومەتی عیراقیش لەسەر ئەو داهاتە پشكی مانگانەی هەرێم كەمدەكاتەوە". 

هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی ئابی ٢٠٢٣ بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە" یاسای بودجەی ساڵەكانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) حكومەتی عیراقی پابەند كردووە بە ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم چەند پابەندییەكی بۆ دروست بووە كە پێویستە جێبەجێیان بكات وەك، رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان".

وتیشی" لە ماوەی رابردوودا حكومەتی هەرێم پایەند نەبووە بە رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی كە لە بودجەدا مانگانە بۆی دیاریكراوە، هەروەها وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە سەردانەكانیاندا ئەوەیان راگەیاندبوو كە داهاتە نا نەوتییەكانی هەرێم ساڵانە چوار ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارە، بەڵام ئێستا ئاماژە بەوەدەكەن داهاتی ناوخۆی هەرێم زۆر لەوە كەمترە و حكومەتی عیراقیش لەسەر ئەو ژمارەیەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات". 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند" ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەم مانگە لە پشكی هەرێم بڕدراوە، حكومەتی عیراق خستوویەتییە بری داهاتی ناوخۆی ئەم مانگە، چونكە حكومەتی هەرێم هیچ داهاتێكی ناوخۆی نەگەڕاندووەتەوە بۆ حكومەتی عیراق".

دەشڵێت" حكومەتی هەرێم مولزەم كراوە رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عیراق بكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ٥٠%ی داهاتی ناوخۆ بۆ حكومەتی عیراق بنێرێت، لە ئێستاشدا كە هیچ كام لەو خاڵانەی جێبەجێ نەكردووە كێشەی بۆ ناردنی پشكی هەرێم دروستكردووە". 


PM:05:05:06/08/2023