لاهور شێخ جەنگی: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لیستمان نابێت


لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت، ئەوان پێیان باشبووە هەموو لایەنە كوردییەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بكەن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو پلانە سەرینەگرت، وەك خۆی، لیستی نابێت.

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێكی نوێدا كە بەبێ پۆستی "هاوسەرۆكی یەكێتی" بڵاویكردۆتەوە رایگەیاندووە "هەڵبژاردنی پارێزگاكان كە ماوەیەكی زۆرە ئەنجام نەدراوە، گرنگییەكی گەورە و مێژوویی هەیە و ئەنجامەكەشی دەبێتە بنەمایەك بۆ پیشاندانی سەنگ و پێگەی كورد لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان و سەلماندنی  خەڵكە  ڕەسەنەكەی  و خاوەندارییەتی خاكەكەی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە "ئێمە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان، هەوڵماندا كە كورد بە یەك لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكات، هەر بۆیە بە بێ هیچ بەرژەوەندیی و دەستكەوتێكی سیاسی و كەسی وتایبەتی، لە پێناو پێكهاتەی ڕەسەنی شارەكە  و نەفەوتان و پەرتەوازەنەكردنی دەنگی كورد  و راست كردنەوەی باڵانس و پارێزگاریكردنی كورد لە ژمارەی كورسییەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، یەكەم دەستپێشخەرییمان بێ جیاوازی بۆ لایەنە كوردستانیەكان راگەیاند و پرۆژەی (هاوپەیمانی گەل)مان پێشكەشكردن بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش".

لاهور شێخ جەنگی روونیكردۆتەوە "ئێمە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی چەند لایەنێكی سیاسیمان كرد و ئەوانەشی سەردانمان نەكردبوون پرۆژەكەمان بۆ ڕەوانەكردن، داوای هەڵوێستمان لێكردن، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئامادەییەكمان نیشاندا بۆ سەرخستنی كورد لەم هەڵبژاردنەدا، تەنانەت ئامادەبووین كاندیدشیمان نەبێت، تەنیا ئامانجمان سەركەوتنی كورد و خەڵكە ڕەسەنەكەی ناوچەكە وكۆكردنەوەی لایەنەكان بوو لەچوارچێوەی لیستێكی هاوبەشدا، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان وەڵامەكەیان ئەرێنی نەبوو، ئامادەنەبوون بە یەك لیستی هاوبەش لەم هەڵبژاردنەدا بەشداربن، لەكاتێكدا خۆیان ئاگاداری ئەو سیستمەن كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە پەیرەو دەكرێت كە لە بەرژەوەندی یەك لیستی هاوبەشدایە نەك فرە لیستی، بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئەوەیان لەبەرچاو نەگرت".

هەروەها وتویەتی "بەداخەوە بەشێكی زۆر لە لایەنە سیاسیە كوردستانییەكان بەتایبەت هەردوو پارتی دەسەڵاتدار كە دیارە دەرسیان وەرنەگرتووە لە هەڵەكانی رابردوو، دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بە نەهامەتییەكان و جارێكیتر كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بكەنەوە قوربانی كێشە و ململانێی سیاسیی و بەرژەوەندییە حزییەكانیان. دەركەوت هەموو ئەو دروشمانەی كە بەناوی كورد و نیشتیمانپەوروەرییەوە بە خەڵكیان دەفرۆشتەوە لە دروشمی درۆینە زیاتر نەبووە چونكە ئامادەنەبوون بۆ یەكجاریش دەستبەرداری حزبایەتی بن و لە پێناوی میللەتەكەمان یەكڕیزی هەلبژێرن، بەڵكو دەیانەوێت ببنەوە بە بارگرانی بۆ خەڵكی كەركوك و ناوچەی كێشە لەسەرەكان.  تەنانەت قۆڵبادان و ململانێ سیاسیەكانیشیان لەهەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی وا خەریكە بەتەواوەتی قەوارەكە بخەنە بەر مەترسی پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان كە بە خوێنی رژاوی هەزاران شەهید و خەباتی چەندین ساڵەی دەیان هەزار پێشمەرگە و تێكۆشەر و قوربانیدانی ئەم گەلە ستەمدیدە و زوڵملێكراوە بەدەستهاتووە".

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "ئێمە لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە پیرۆزی خاكی كوردستان و بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان، لەگەڵ ئەو فشارە زۆرەی كە لەسەرمانە بۆ بەشداریكردن و لیستی جیاواز لەم هەڵبژاردنەدا، رایدەگەیەنین كە هەرگیز ئامادەنین لە پێناو بەدەستهێنانی چەند كورسییەك زیان بە دەنگی كورد لەو ناوچانە بگەیەنین، ئێمە بە بەشداریكردنمان لەم هەڵبژاردنەدا دڵنیاین كە دەنگێكی زۆر دەهێنین، هەموولایەكیش دەزانن كە پێگەو و سەنگی ئێمە لەكەركوك و ئەوناوچانە چۆنە و چەندە، بەڵام لە ژێر ناوی یەك لیستی كوردستانی نەبێت بە هیچ شێوەیەكیتر و بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن ناكەین و یاری بە چارەنوسی خەڵك و خاكەكەیەوە ناكەین، بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەكەین".



AM:12:11:08/08/2023