قوباد تاڵەبانی: دەبێت لایەنەكان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و نەمانگەڕێننەوە بۆ خاڵی سفر


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت "نابێت چیتر هاوڵاتییان باجی ناكۆكی سیاسی و بێ متمانەیی نێوان لایەنەكان بدەن، دەبێت لایەنەكان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و نەمانگەڕێننەوە بۆ خاڵی سفر".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن چارلس، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاندووە "بێ متمانەیی هۆكاری سەرەكی زۆربەی كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و هەروەها كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیشە". 

ناوبراو روونیكردۆتەوە "نابێ چیتر هاوڵاتییان باجی ناكۆكی سیاسی و بێ متمانەیی نێوان لایەنەكان بدەن، دەبێت هەموو لایەك پابەندبن بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەوە تا مافی هەمووان پارێزراو بێت".

قوباد تاڵەبانی وتویەتی "سورین لەسەر جێبەجێكردنی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەموو هەوڵێكیش دەدەین تا ناكۆكییە سیاسییەكان و ئەو گرژییەی ئێستا هەیە كاریگەری لەسەر رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەبێت، دەبێت لایەنەكان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و نەمانگەڕێننەوە بۆ خاڵی سفر".


 



PM:09:00:08/08/2023