ئاوات شێخ جەناب: لە نزیكترین كاتدا وەزارەتەكان ڕاپۆرتەكانیان ئامادە دەكەن


وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەرگای وەزارەت كراوەیە بۆ وردبینی لە داتاو زانیاریەكان، وەزارەت و دام و دەزگاكانیش لە نزیكترین كاتدا ڕاپۆرتەكانی خۆیان ئامادە دەكەن و ئاڕاستەی سەروو خۆیانی دەكەن.   

بەپێی راگەیەندراوی وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە شاندێكی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەداوە "وەزیری دارایی خۆشحاڵی بەو پەیوەندی و هەماهەنگییە دەربڕی كە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە و جەختیكردۆتەوە ك دەرگای وەزارەت و دام و دەزگاكانمان كراوەیە بەڕوی تیمەكانی چاودێری دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچونی هەر داتاو زانیاریەك لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن تیمەكانی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەشكراون".

وەك لە راگەیەنراوەكە روونیكردۆتەوە "شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سوپاسی وەزیری داراییان كرد كە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی ڕاسپاردوە هاوكارو هەماهەنگی تیمەكان بن بۆ وردبینی لە داتاو زانیاریەكان".

هەر بەپێی راگەیەنراوە "بەچەند تیمێكی جیاواز سەرقاڵی كۆبونەوە و سەردانی مەیدانین لەدام و دەزگاكانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتەكانی تری حكومەتی هەرێم لە نزیكترین كاتدا ڕاپۆرتەكانی خۆیان ئامادە دەكەن و ئاڕاستەی سەرو خۆیانی دەكەن".   
    



PM:09:41:08/08/2023