"وەفدی پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی رێككەوتون لەسەر سفركردنەوەی كێشەكان"


وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی رێككەوتوون بۆ چارەسەر و سفركردنەوەی كێشەكان بەپێی دەستور عێراق.

رۆژنامەی ئەلمەدا بڵاویكردۆتەوە ئیئتیلافی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرایكردووە، وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و چواچێوەی هەماهەنگی, رێككەوتون لەسەر سفركردنەوەی قەیرانەكان لە قۆناغی ئایندەو پابەندبوون بە جێبەجێكردنی بودجەی گشتی.

هەروەها هەردوولا جەختیان كردووە لەسەر پێویستی بوونی میكانیزمێكی نوێ‌ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیە ئاڵۆزو دواخراوەكان لەگەڵ هەرێم, حكومەت ئامادەیی پیشانداوە بۆ یەكلایكردنەوەی سەرجەم كێشەكان بەگوێرەی دەستور.

هەر بەپێی هەواڵەكە، وەفدی پارتی گلەیی لە چوارچێوەی هەماهەنگی و حكومەت كردووە سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت و پەكخستنی بڕگەكانی بودجەی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان, بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەران.

ئەو سەرچاوەیەی ئیئتیلاف نەسر روونیكردۆتەوە "سودانی و چواچێوەی هەماهەنگی, ئامادەییان دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجەو دانوستانكردن لەگەڵ توركیا لەكاتی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی ئەردۆغان بۆ بەغداد و پەلەكردن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێی بەندەری جەیهانەوە".



AM:11:35:09/08/2023