لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگەکانی داهاتوودا زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی عێراق لە کاتی دابەشکردنی مووچەی خۆی، پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەنێرێت". 

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی ١١ی ئابی ٢٠٢٣ بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە" پێشتر عێراق گرفتی لەگەڵ داهاتی نانەوتی هەرێم هەبووە كە پێیوابووە داتا و زانیارییەكانی وەك پێویست پێنەدراوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی داراییان كردووە و وردبینی لە داتا و زانیارییەكاتدا دەكەن". 

وتیشی" یاسای بودجە جێبەجێدەكرێت و هەرێم پابەند دەبێت لەمەوبەدوا عێراق مووچەی فەرمانبەرانی لەو كاتەی دیاریكراوە دابەشبكات پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی پەیوەستە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و رێكارە ئیدارییەكانیان كە ئایا دەتوانرێت رێكارەكانی دابەشكردنی مووچە مانگانە لە كاتی خۆیدا هاوشێوەی عێراق جێبەجێبكات تاوەکو لە کاتی دیاریکراودا دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.


PM:03:24:11/08/2023