کۆمەڵی دادگەری: پێویستە سزای ئەوانە بدەین کە بەرپرسن لە هێنانە کایەی ئەم دۆخە سەختە

کۆمەڵی دادگەری داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە تا ئێستا سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان نەکردووە سەردانی بنکەکان بکەن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەن، دەشڵێت" پێویستە سزای ئەوانە بدەین کە بەرپرسن لە هێنانە کایەی ئەم دۆخە سەختە". 

مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" وەک دەزانن پڕۆسەی هەڵبژاردن باشترین ڕێگای مەدەنییە بۆ گۆڕانکاری و سزادانی گەندەڵ و ستەمکاران، ئەم خواستەش بەبێ بەشداری کارا و دەنگدان نایەتە دی، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان بەگوڕ و تینەوە بڕیار بدەین لە ڕۆژی دەنگداندا بەشداربین و سزای ئەوانە بدەین کە بەرپرسن لە هێنانە کایەی ئەم دۆخە سەختەی ئابوری و بژێوی ژیان و ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتییەی هەرێمی کوردستان". 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمەڵی دادگەری داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم بەگشتی و گەنجان و لاوان بە تایبەتی دەکەن ئەوانەی تاکو ئێستا سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان نەکردووە یان کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوە، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە تاکوە ٢٠٢٣/٩/١٢ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بۆ ماوەی یەک مانگ سەردانی بنکەکان بکەن، ناوی خۆیان تۆمار بکەن و کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەربگرنەوە، تاکو بتوانن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەبێ کێشە بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەن.

بڕیارە ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، نێچیرڤان بارزانیش سەرجەم لایەنەكانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێكارە پێویستەكان. 


PM:03:25:13/08/2023