سودانی: پێویستمان بە شەڕكەری بیانی نەماوە


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق  پێویستی بە هێزی شەڕكەری بیانی نەماوە و گەیشتوونەتە ئاستێكی پێشكەوتووی گفتوگۆ لەبارەی شێوازی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
 
ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازیی عێراق كۆبووەوە كە بەشدارییان لە پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگای نەینەوا لە دەستی چەكدارانی داعش كردبوو. 
 
بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی سودانی، لەو كۆبوونەیەدا سودانی رایگەیاندووە "عێراق پێویستی بە هێزی شەڕكەری بیانی نەماوە و  گەیشتوونەتە ئاستێكی پێشكەوتووی گفتوگۆ لەبارەی شێوازی پەیوەندی و هاریكاریی داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا". 
 
سودانی روونیكردۆتەوە "هەموو جیهان قەرزداری  قوربانییەكانی عێراقە لە شەڕی دژی داعش، چونكە داعش تەنیا عێراقی بەئامانج نەگرت، بەڵكو هەموو جیهانی كردە ئامانج و پیلانگێڕییە گەورەكە دژی وڵاتانی ناوچەكە بوو."
 جێی ئاماژەیە لە حوزەیرانی 2014 چەكدارانی داعش شاری موسڵیان كۆنترۆڵكرد و دواتریش بەشێكی پارێزگاكانی سەڵاحەدین، كەركوك و دیالە و ئەنباریان كۆنترۆڵ كرد، بەر لەوەی لە ساڵی 2017، عێراق سەركەوتن بەسەر ئەو رێكخراوە توندڕەوەدا رابگەیەنێت.




PM:05:22:14/08/2023