حکومەتی عێراق بێ راوێژکردن بە هەرێم بیری نەوت لە کفری لێدەدات


 راوێژکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بۆ کاروباری وزە، ئاشکرای دەکات کە حکومەتی عێراق بەبێ هێچ راوێژێک دەست بە لێدانی بیر کردووە لە ناوچەکانی شارۆچکەی کفری.

بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "حکومەتی عێراق بۆ لێدانی بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕاوێژی لەگەڵ هەرێم نەکردووە، لەکاتێکدا پێویستبوو ڕاوێژ بکات. هۆکاری راوێژنەکردنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچووە."

دەشڵێت"بەهۆی دەرنەچوونی یاسای نەوت و گازەوە، وەزارەتی نەوت بە یاسا کۆنەکان کاردەکات و بە شێوەی مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ پرسی وزە دەکات، بۆیە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێم مافی بە خۆیداوە بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لێبدات."

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ی ئیماراتی ڕێککەوتووە بۆ لێدان و دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە.

بەهجەت ئەحمەد، دەڵێت،"عێراق هەموو ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامداوە بۆ دەرهێنانی نەوت لە سنوری قەرەتەپە. دەبێت لەمەودوا کێڵگەکانیان ڕادەست بکات."

بەرپرسانی ناوچەی گەرمیان پێیانوایە ئەو ناوچەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سنوری قەزای کفری ناویبردووە، پێدەچێت ناحیەی قەرەتەپە بێت، بەو پێیەی ئەو ناحیەیە لە ڕووی جوگرافیاوە نزیکە لە کفرییەوە.



PM:10:14:18/08/2023