بنەماڵەی گوهدار زێباری: هەر حاڵەتێكی نەخوازراو رووبدات لە ئەستۆی دەزگای گشتی ئاسایشە

بنەماڵەی گوهدار زێبارى لەبارەی دۆخى تەندروستی کوڕەکەیان هۆشداری دەدەن و دەڵێت" بارودۆخی لەناو زینداندا زۆر مەترسیدارە". 

بنەماڵەی گوهدار زێباری ڕاگەیەندراوێكیان بۆ ڕایگشتی بڵاویكردەوە و تێیدا هاتووە" ڕەوشی تەندروستی گوهدار زێباری لە ئاسایشی گشتی هەولێر زۆر نا جێگیرە، ئەمڕۆ پێنجەم ڕۆژە گوهدار زێباری لە مانگرتندایە و هیچ چارەسەرێكی پزیشكی و بە دەنگەوە چونی لایەنی پەیوەندی دار نەبووە تا ئێستا".

دەشڵێن" بەپێی دواین زانیاریەكان كە ئەمڕۆ بە دەستمان گەیشتون فشارێكی زۆر لە گوهدار زێباری كراوە مانگرتنەكەی بشكێنێ و دەستهەڵگرێت، بەڵام گوهدار زێباری بەردەوامە لەمانگرتن تا ئازادبونی، لەئێستاشدا گوهدار زێباری لە قاعەیەکە کە ١٦٠ کەسی تێدایە و بارودۆخی لەناو زینداندا زۆر مەترسیدارە". 

خانەوادەی گوهدار لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، كونسوڵخانە و لایەنی نێودەوڵەتی، دەستەی مافی مرۆڤ و دەزگاكانی راگەیاندن دەکەن کە بە زوترین كات بە هانای گوهدار زێباریەوە بێن،"چونكە دۆخی تەندروستی بەرەو خراپترین دەچێت، هەر حاڵەتێكی نەخوازراویش ڕوبدات، دۆخی تەندروستی  گوهدار زێباری لە ئەستۆی دەزگای ئاسایشە". 


PM:03:50:20/08/2023