پارتی: بەمزوانە لیژنەیەكی تەكنیكی لە هەرێمەوە سەردانی بەغدا دەكات


وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە، بە نووسراوی فەرمی پێشێلكارییەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیان لەبارەی رێككەوتنەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێڕاگەیاندوون، دەشڵێت، بەمزووانە لیژنەیەكی تەكنیكی لە هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.

ئەمڕۆ سێشەممە مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پێیان راگەیاندوون، كە بە پێی رێككەوتن مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكردووە. 

ناوبراو وتی "بە نووسراوی فەرمی پێشێلكارییەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتمان لەبارەی رێككەوتنەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێڕاگەیاندوون".

وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەكردووە "بۆ چاسەرەكردنی تەواوی ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو بابەتە، بەمزوانە لیژنەیەكی تەكنیكی لە هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات".

هەروەها دەڵێت "هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە بەرامبەر نووسراوەكەی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، ئەو كێشانە چارەسەر دەكەن كە لەنێوان هەردوولا ماونەتەوە داوای مۆڵەتیان كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، كە هەر لەو چوارچێوەیەیشدا شاندی تەكنیكی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە دەچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی كۆتایی بەو بابەتە بهێنێت".



PM:07:58:22/08/2023