فیدان لەگەڵ نێچیرڤان و مەسرور بارزانی کۆبووەوە
کەمێکی دیکەش لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە هاکان فیدان وەزیری دەروەی تورکیا لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە، بڕیاریشە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبێتەوە، دۆسیەی ئەمنیش بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ هەردووکیاندا. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، ئه‌مڕۆ ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى ‏کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) پێشوازى له‌ هاکان فیدان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا کرد، له‌ کۆبونه‌وه‌کەدا په‌یوه‌ندییه‌کانى تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێم و ‏بواره‌کانى هاریکاری هاوبه‌شى نێوانیان، په‌یوه‌ندى و کێشه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ‏گفتوگۆى چاره‌سه‌رکردنیان، دۆخى عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌گشتى تاوتوێ ‏کران.‏

له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌دا، باس له‌ پرسى هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ى ‏نه‌وتى هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى تورکیاوه‌ کرا و ‏له‌مباره‌یه‌وه‌ بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێکى دیکە خرانه‌ به‌ر باس. 

لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان دوای تەوابونی کۆبونەوەکەیان، رایگەیاند" گفتوگۆمان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچەکە کرد لەوانە پەیوەندی دووقۆڵی نێوان تورکیا و عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها چۆنێتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بتوانین بەپێی ئەو مافە دەستوریانەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی بتوانرێت لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بەجۆرێک چارەسەر بکرێت کە لە بەرژەوەندی هەموان بێت". 

بارزانی وتیشی" لەسەر ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە گفتوگۆکمان کرد و ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور مافی خۆی جێبەجێ دەکات کە نابێت ببێت بە شوێنێک بۆ ناسەقامگیری وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین روبەڕوی هەمو جۆرە تیرۆرێک ببینەوە کە لە ناوچەکەدا هەیە".

هەر لەمبارەیەوە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند" تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر بە هەموو شێوەیەک بەگرنگییەوە سەیری پەیوەندیەکان دەکات، لە سەردانەکەمدا بۆ بەغدا زۆر پرسی جۆراوجۆرمان باسکرد وەکو تیرۆر و دۆسیەی ئاو".

ڕاشیگەیاند" لەبەر ئەو هەماهەنگییەی هەولێر لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر پیشانیدا سوپاسیان دەکەین و بابەتی زۆر هەیە بۆئەوەی لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەنگاویان بۆ بنێنین، هەر لە کۆبونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەولێر زۆر پێداگریمان لەسەر روبەڕوبونەوەی پەکەکە کردوە و بەردەوام دەبین".

هەرچەندە ئەمڕۆ هەندێ ناوەند ئاماژەیان بەوەکرد کە هاکان فیدان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆنابێتەوە، بەڵام سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی  حکومەتی ماوەی بۆدرێژکراوەی هەرێم دوپاتیکردەوە کە وەزیری دەروەی تورکیا لەگەڵیان کۆدەبێتەوە. 

PM:02:33:24/08/2023