رۆژنامەنووس (ئیسلام کەشانی) لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە "رفێندرا"

بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕۆژنامەنووس و کادرێکی دیاری یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لایەن ئاسایشی زاخۆوە "ڕفێندرا".

لەمبارەیەوە میدیای فەرمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەیانی ئەمڕۆ ئیسلام كەشانی لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە رفێندراوە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری هیچ كەسێك بكرێت". 

ئەوەش هاتووە" جەماوەری کوردستان بە گشتی و خەڵکی زاخۆ شاهێدی دەدەن کە ( ئیسلام کەشانی) سەرباری ئەوەی رۆژنامەنووسێکی بوێر و کارایە، هاوکات کەسایەتییەکی دڵسۆز و خێرخوازی ناوچەکەیە، رفاندنی بەم شێوازە ئەوەندەی تر ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە". 

دەقی روونکردنەوەکەی تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان:

جەماوەری دڵسۆزی کوردستان

رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی بوێر

کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان

هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە رۆژنامەنووس و کەسایەتی دیاری زاخۆ (اسلام کەشانی ) ، پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ پێنجشەممە کاتژمێر نۆ و چل و پێنج خولەک ، بە مەبستی چوون بۆ کاری میدیایی خۆی لە نوسینگەی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و دەزگای خابیر ، لە ماڵ دەرچووە ، پێش ئەوەی بگاتە شوێنی فەرمی کارەکەی ، هێزێکی ئاسایش دەیگرن و دەیڕفێنن .

ئەم هەنگاوەی ئاسایشی زاخۆ پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری کوردستان ژمارە ( ٣٥ ) ساڵی ( ٢٠٠٧ ) ، کە لەو یاسایەدا هاتووە : گرتنی رۆژنامەنووسان دەبێ بە بڕیاری دادوەر و بە ئاگاداری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بێت .

جەماوەری کوردستان بە گشتی و خەڵکی شەرەفمەندی زاخۆ ، شاهێدی دەدەن کە ( ئیسلام کەشانی) ، سەرباری ئەوەی رۆژنامەنووسێکی بوێر و کارایە ، هاوکات کەسایەتییەکی دڵسۆز و خێرخوازی ناوچەکەیە . رفاندنی بەم شێوازە ، ئەوەندەی تر ئەزموونی حوکمڕانی هەڕێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە .

تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، بە توندی ئیدانەی ئەم کردارە نا بەرپرسانەیە دەکات و رایدەگەیەنێت کە سەلامەتی گیانی رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی لە ئەستۆی دەزگای ئاسایش و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و ، داواکارین بە زووترین کات ئازاد بکرێت .

ئازادی بۆ رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی .

تۆڕی میدیایی یەکگرتوو

٢٤/٨/٢٠٢٣


PM:04:00:24/08/2023