قوباد تاڵەبانی ئەم بابەتانەی لەگەڵ هاكان فیدان باسكرد


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت، لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، باسی چارەسەری داخستنی گەشتی ئاسمانی توركیای بۆ سلێمانی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر باسكردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لەشاری هەولێر سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە)ی كردووە، قوباد تاڵەبانی لە فەیسبووك خۆی نووسیویەتی "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆمان كرد لەسەر چۆنییەتی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا و چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەتیش پرسی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی". 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە "هەردوولاش هاوڕابووین لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی هەرچی زووتری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانەوە. بە پێویستیشمان زانی هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر هەبێت لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی مادەی هۆشبەر".



PM:07:08:24/08/2023