ئاسایشی زاخۆ: كادرەكەی یەكگرتو بەهۆی تێكەڵی لەگەڵ پەكەكە دەستگیركراوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی زاخۆ رایگەیاند، "ئیسلام كەشانی كارگێڕی مەڵبەندی ١٣ی یەكگرتوی ئیسلامی لە زاخۆ بەتۆمەتی بونی تێكەڵی لەگەڵ پەكەكە و بەپێی فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە دەستگیركراوە، و ئێمە لەسەر بیروبۆچونی جیاواز هیچ كەسێك دەستگیر ناكەین".

ئاسایشی زاخۆ لەڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، "دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەكانمان كە تۆمەتبارەكە پەیوەندی لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە هەیە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە بەپێی بەندی یەك لە یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣ دەستبەسەركراوە و لەئێستاشدا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە".

ئاماژەی بەوەشكردوە، لەكاتی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە هیچ پێشێلكاریەكی یاسایی نەكراوە، ئێمە وەك هێزە ئەمنیەكان ئەركمان پاراستنی سەرو سامانی هاوڵاتیانە، هیچ كاتێكیش لەسەر جیاوازی بیروبۆچونی سیاسیی هیچ كەسێك دەستبەسەر ناكەین و جیاوازیش لەنێوان هیچ تۆمەتبارێكدا ناكەین، رێگەش بەهیچ هێز و گروپ و لایەنێكیش نادەین ببێتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان.

دوێنێ پێنجشەممە تۆڕی میدیایی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان ڕیگەیاند، "لەكاتی چونی بۆ كاری میدیایی لە نوسینگەی كەناڵی سپێدە و دەزگای خابیر، ئیسلام كەشانی رۆژنامەنوس و كەسایەتی دیاری زاخۆ لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە رفێندراوە".


ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی زاخۆ:


 



PM:09:02:25/08/2023