پێنج ملیۆن سەبەتەی خۆراك بەسەر خێزانەكان دابەش دەكرێت


وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت، نزیكەی پێنج ملیۆن سەبەتەی خۆراك ئامادەكراون بۆ دابەشكردنیان بەسەر خێزانە هەژارەكان.

ستار جابری، بریكاری وەزیری بازرگانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاندووە، پێنج ملیۆن سەبەتەی خۆراك ئامادەكراون بۆئەوەی بەسەر خێزانەكان دابەش بكرێن، بەجۆرێكیش دەبێت كە هەر خێزانێك ساڵانە 24 سەبەتەی خۆراكی پێدەدرێت.

جابری ئاماژەی بەوەكردووە، تێبینی گرنگ هەیە كە لەلایەن ئەندامانی لیژنەی پلاندانانەوە وروژێنراون، وەڵامەكانیش گونجاو بوون سەبارەت بە هەمو تێبینییەكان، وەزارەتی بازرگانی ڕۆڵی هەیە لە جێبەجێكردنی سیاسەتی بازرگانی و ئابوری، هەروەها ڕۆڵی لە دۆسیەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و پێداچونەوە بە زۆرێك لە گرێبەستەكاندا هەیە.

بەوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەت، بنەمای حكومەت ڕونە بۆ خزمەتكردنی زیاتری چینە هەژارەكان و ڕۆڵی سەرەكیان هەبووە لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی و سەبەتەی خۆراك، لەو چوارچێوەیەشدا نزیكەی پێنج ملیۆن و 200 هەزار سەبەتەی خۆراك دابەشكراون كە ساڵانە 24 سەبەتەی خۆراك دەدرێتە هەر خێزانێكی هەژار.



PM:04:56:28/08/2023