له‌ شارۆچكەی خورماتوو مامەڵەكردن بە دۆلار قەدەغە كرا

دوابەدوای بڕیاری بانكی ناوەندی و وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ قەدەغە كردنی مامەڵە كردن بە دۆلار و جێبەجێ‌ كردنی بڕیارەكە لە زۆربەی شارەكانی عێراق، لە خورماتوو بڕیارەكە كەوتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و تەنها ڕێگە بە مامەڵكردن بە دینار دەدرێت.

ئەمرۆ دووشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣، هۆشیار كه‌ریم، دواكاندارێكی بازاڕی حه‌سه‌ن قه‌وان له‌ خورماتوو ڕایگه‌یاند، "هێزه‌كانی پۆلیس، به‌ڵێنامه‌یان هێنابوو به‌ هه‌موو دوكانداره‌كانی بازاڕه‌كه‌یان‌ واژۆ كرد، كه‌ چیتر له‌ دو‌كانه‌كانیان مامه‌ڵه‌ به‌ دۆلاره‌وه‌ نه‌كه‌ن".

له‌ شارۆچكەی خورماتوو، هێزه‌كانی پۆلیس لێپرسینەوەیان لە دوكانداره‌كانی بازاڕی حه‌سه‌ن قه‌وان و بازاڕی هه‌ڵوێست كردووە، كه‌ چیتر مامه‌ڵه‌ به‌ دۆلاره‌وه‌ نه‌كه‌ن.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە شارەكانی عێراق مامەڵەكردن بە دۆلار قەدەغە كراوە، بەڵام تا ئێستا لە هەرێم جێبەجێ‌ نەكراوە و چەند كۆمپانیایەك خۆیان ڕاستەوخۆ بڕیاریان داوە دەستبەرداری مامەڵە بە دۆلار بن و بە دینار كاڵاكانیان بفرۆشن بە هاووڵاتیان.


PM:07:29:28/08/2023