عیرفان کەرکوکی: هەندێک لایەنی تورکمانی بارەگایان لە هەولێر هەیە بەڵام دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکوک

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان رایگه‌یاند، "ئەوانەی خۆپیشاندان لە دژی گەڕانەوە و کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکوک دەکەن، پارەیان پێ دراوە، هەندێک لایەنی تورکمانی بارەگایان لە هەولێر هەیە، بەڵام دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکوک".

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣، عیرفان کەرکوکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند: "من بە ناوی گەلی تورکمان جەخت لەوە دەکەمەوە، هەندێک لایەن لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بە ناوی تورکمانەوە لە دژی کردنەوەی بارەگاکانی پارتی راگەیەندراو دەردەکەن و لێدوان دەدەن، ئەوانە نوێنەرایەتی خەڵک و لایەنی تورکمانی لە کەرکوک ناکەن".

عیرفان کەرکوکی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کەرکوکیان داگیرکردووە و خۆیان بەسەر خەڵکی شارەکەدا سەپاندووە، بەتایبەت عەسائیبی ئەهلی حەق، ژمارەیەک بەڵتەچییان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەناوی عروبەت و تورکمانەوە خۆپیشاندان لە دژی بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ  گەڕانەوە و کردنەوەی بارەگاکانی ژماریەک حزب و بەتایبەت بارەگاکانی پارتی ئەنجام بدەن.

وتیشی: "ئەوانەی خۆپیشاندان لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک ئەنجامدەدەن و رێگەی کەرکوک – هەولێریان داخستووە، لەلایەن عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەو لایەنانەی شارەکەیان داگیرکردووە، پارەیان پێ دراوە و ئەوانە لە راستیدا نوێنەرایەتی شەقام و خەڵکی کەرکوك ناکەن".

بە وتەی عیرفان کەرکوکی، ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی ماوەی چەند رۆژێکە هەوڵدەدەن پشێوی لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک دروست دەکەن، مەبەستیانە هەندێک دەستکەوت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەدەستبهێنن، بەڵام خەڵکی کەرکوک بە کورد، تورکمان، کلدان و عەرەبەوە زۆر لەوە هۆشیارترن.

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان باسی لەوەشکرد، بەداخەوە هەندێک لایەنی تورکمانی بارەگایان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە کەرکوک بەشێوەیەکی دیکە رەفتار دەکەن و لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک راگەیەندراو بڵاودەکەنەوە و هەڵوێست وەردەگرن. پێویستە ئەو لایەنانە بەخۆیاندا بچنەوه‌.

سەرەتای ئەم مانگە،  سودانی فەرمانی کرد بە چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی و ژمارەیەک لایەنی دیکە لە کەرکوک بۆ ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییانە بتوانن بگەڕێنەوە شارەکە و دەست بە کار و چالاکییە سیاسییەکانیان بکەنەوە، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک کەس لە بەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی خێوەتیان هەڵداوە و دژی کردنەوەی بارەگاکانی ئەو حزبە لە کەرکوک خۆپیشاندان دەکەن و رێگەی سەرەکی کەرکوک – هەولێریان داخستووە.



PM:04:53:29/08/2023