حكومەتی هەرێم بە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی وتوە "بەپەلە" هێزەكانیان لەسنوری بكێشنەوە


حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە "بەپەلە" هیزەكانیان لەناوچە سنوریەكان بكێشنەوە و بچنە نێو كەمپ.

سەرچاوەیەك لە حزبەكانی كوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمەریكای ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم نوێنەرانی حزبی دیموكرات و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی بانگ كردووە و پێی ڕاگەیاندوون "بەپەلە" لە ماوەی 15 ڕۆژدا هێزەكانیان لە ناوچە سنوورییەكان بكشێننەوە و خۆیان ئامادە بكەن بۆ چوونە ناو كامپ.

سەرچاوەكە ئاگادارەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت ڕایگەیاند، "ئەو كامپەی بۆ حزبە كوردییەكان دروست دەكرێت لەلایەن عێراق و هەرێمەوە سەرپەرشتی دەكرێت و یوئێن چاودێری دەكات، بەڵام هێشتا پێمان نەوتراوە شوێنی كەمپەكە كوێیە. داواشكراوە دیاردەی چەكداری نەهێڵین، واتە دەیانەوێت ئاشبەتاڵمان پێبكەن."

سەرچاوەكە وتیشی "حكومەتی هەرێم پێیوتین لە ژێر فشاردان، ئێمەش كەوتووینەتە نێو دووڕیانێك، نە دەتوانین بە حكومەتی هەرێم بڵێین باش نە دەشتوانین بڵێین نەخێر. هەر دوو باڵەكەی كۆمەڵە لەچەك داماڵراون، تەنها هێزەكانی سەر سنوور چەكدارن. دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا ئەوانیش سنوورەكان چۆڵ بكەن".

هەروەها هۆشداریدا،"سەركردە بەتەمەنەكان ڕەنگە بڕیارێك بدەن بەدڵی فەرماندە گەنجەكان نەبێت، بەڵام دڵنیام ڕەوتێك یاخی دەبن و دەڕۆنە شاخەكان."

بەڵام عەبدوڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران، دیاریكردنی ئەو وادەیەی ڕەتكردەوە و بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە "ڕێككەوتن لە نێوان عێراق و ئێراندا ئەنجامدراوە بۆ حەزەر خستنە سەر ئەو حزبانەی دژی ئێرانن، دۆخەكەش ئاساییە و هیچ فشارێكی ئێران لەسەر هەرێم نییە."

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان، دەڵێت "ئێران دەیەوێت بگوازرێنەوە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم تا هەركات بیانەوێت بمانكوژن، كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش لە ئاست ئێران بێدەنگە".

خەلیل نادری وتوشیەتی "دەیانەوێت بمانبەنە ناوچەكانی موسڵ، ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنترۆڵی عێراقدان. ئەگەر بیانەوێت وەكو موجاهیدینی خەڵقمان لێبكەن، ناچارین بگەڕێینەوە ڕۆژهەڵاتی كوردستان."



PM:09:17:29/08/2023