"حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە زیادیان کردووە"

بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت" بەراورد بە هەفتەی پێشوو لە سلێمانی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بۆ دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە زیادیان کردووە".

ئاسۆ زەنگەنە بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، ئەمشەو لە دیدارێکدا بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند" لەسەر راسپاردەی وەزیری تەندروستی لیژنەیەک پێکهات بۆ بەدواداچوون لە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە سەردانی سلێمانییان کرد، بەهۆی ئەوەی ئەو ماوەیە رێژەیەکی بەرچاو نەخۆشی سکچوون و رشانەوە زیادیکردووە، هەروەها لە سلێمانی رۆژانە نزیکەی ٦٠ کەس بەهۆی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن". 

راشیگەیاند" بەراورد بە هەفتەێ پێشوو لە سلێمانی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بۆ دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە زیادیان کردووە، هەروەها لە دوای ٢٢ی ئابەوە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە زیادیان کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە لە کۆلێرا دەچن و "ئێمە پشکنینمان بۆ نەخۆشەکان ئەنجامداوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا رادەگەیەنین". 

بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم باسی لەوەشکرد، ئەگەری هەیە ئاو هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بێت.

ناوبراو لەبارەی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا وتی" نەخۆشی کۆلێرا لە رێگەی پیساییەوە دەچێتە ناو خواردن و لەو رێگەوە کەسەکە تووشی نەخۆشییەکە دەبێت". 

وتیشی" نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا بەپەلە دەردەکەون، کەسەکە تووشی سکچوونێکی زۆر توند دەبێت، لەگەڵ سکچوونەکە تووشی رشانەوە دەبێت، زۆربەی تووشبووەکانیش لە ماوەیەکی کەمدا تووشی وشکبوونەوە دەبن بۆیە پێویستی بە چاسەری خێرایە، ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت زۆر جار بە مردنی کەسەکە کۆتایی دێت". 

سەبارەت بە خۆپاراستن لە نەخۆشی کۆلێرا، ئاسۆ زەنگەنە ئاماژەی بەوەدا، دەبێت گرنگی بدرێت بە دەست شوشتن و بە پاکو خاوێنی ئاو، هەروەها دورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە.


PM:11:24:30/08/2023