بافڵ تاڵەبانی :ھیچ ھێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین

ئەمڕۆ هەینی بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی دەربارەی دۆخی یەکێتی و بەستنی کۆنگرەی پێنجەم بڵاوکردەوە ڕایگەیاند،"ھەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان ھەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەھێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین".

ئەمرۆ هەینی ١ی ئەیلولی ٢٠٢٣، بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەرشوێنێکی جیھان بێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە،  پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج و بەرەو یەکێتییەکی بەھێزتر و نوێگەر ھەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەھیدان دەنووسینەوە.


وا بڕیارە ٢٧ی ئەیلولی ئەم ساڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی خۆی ساز بکات.






دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی: 

ھەڤاڵە سەربەرزەکانم

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە ٢٦ ھەزار شەھید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داھاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر.یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ھاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.

ھەروەھا جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەرشوێنێکی جیھان بێت.

خوشک و براکانم
ھەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان ھەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەھێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و ھەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە ھەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان ھەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و ھەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.

خۆشەویستان
مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان ھێندە زێڕینە کە ھیچ ھێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش ھێز و کاریگەریی یەکێتی لە ھەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای ھەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەھێزیی یەکێتی واتە بەھێزیی ھەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت ھەموو ھەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوێکتان ھاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت.

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر
ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بوو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی ھەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر ھەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین.

ھەڤاڵان
ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا ھەڵگرتووە و بەھیواوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەھێزتر و نوێگەر ھەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەھیدان دەنووسینەوە.
شاد و سەرفرازبن
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


AM:11:45:01/09/2023