لاهور جەنگی داوا دەکات رۆڵەی کورد نەکەنە قوربانی ململانێ ناشەریفانەکانیان


لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی لە پەیامێکدا لە بارەی بارگرژییەکانی کەرکوکەوە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکات، چیتر رۆڵەی کورد نەکەنە قوربانیی ململانێ " ناشەریفانەکانیان لەپێناو هەڵبژاردن و چیتر ئەجێندای ئیقلیمی جێبەجێ نەکەن".

لە پەیامێکدا لاهور شێخ جەنگی دەڵێت " بەداخەوە جارێکیتر کورد لە کەرکوک بووە قوربانی ململانێی نێوان لایەن سیاسییەکان و خوێنی گەنجی کوردی ئەو شارە خۆشەویستە بە ناهەق رژا".

لاهور جەنگی داوا لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکات و دەڵێت "بۆ رێگریکردن لەم خوێنڕشتنە و تەشەنە نەسەندنی دۆخی دژواری شاری کەرکوک، بە زووترین کات رۆڵی دەستوریی خۆیان ببینن و رێگە نەدرێت رێوشوێنی نادەستوری لەو شارە ئەنجام بدرێت کە ببێتە مایەی تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکوک".

هەروەها دەڵێت " ڕێگەش نەدرێت بەناوی پاراستنی هاووڵاتیییانی شارەکە، کورد لە کەرکوک بچەوسێندرێتەوە، چونکە هەرگیز ئەم زوڵم و ستەم و سەرکوتکردنە مایەی قبووڵکردن نییە".

"ئەم دۆخە هەستیارە دەخوازێت کە هاووڵاتیانی شارەکە دانبەخۆیان دابگرن و خەڵکی دەستەبژێر و پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکەش هەوڵی جدی بدەن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە پێناو پاراستنی پێکەوەژیانی سەرجەمی پێکهاتەکان. ( لاهور جەنگی ئاماژەی بۆ دەکات ).

هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی دەڵێت "خەڵکە خۆشەویستەکەمان لەکەرکوک دڵنیا دەکەمەوە کە بەتەنیا جێناهێڵین و لەسەر هێڵین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و لەو پێناوەشدا تەواوی هەوڵەکانی خۆمان خستۆتە گەڕ".

ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانێکی هێمنانەی هاوڵاتیانی کورد بارگژی دروستبوو لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی کورد کوژران و پێنجی تر بریندار بوون. 



PM:11:25:02/09/2023