وانەبێژان هەڕەشەی بایكۆتی وانەوتنەوە دەكەن


وانەبێژانی ناوچەكانی گەرمیان و سلێمانی و راپەڕین گردبوونەوە و  داوای دامەزراندن دەكەن، بەپێچەوانەشەوە بایكۆتی كارەكانیان دەكەن.

ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژی سەرجەم ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەناوچەكانیان گردبوونەوە و داوای هەمووشیان دامەزاندنە و دەڵێن "لە داواكاری و گردبوونەوە بێزاربووین و لەمساڵدا بەبێ دامەزاندن دەوام ناكەین و داوا لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەكەین بە زووترین كات داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن".

وانەبێژان ئاماژە بەوە دەكەن ئەگەر پێش دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن چارەنووسیان یەكلایی نەكەنەوە ئەوا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن و تا داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوام دەبن.

رۆژی 13ی ئەم مانگە یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە و بەپێی ئامارەكانیش زۆربەی مامۆستایانی ناوەندەكانی خوێندنن وانەبێژانن.



PM:01:02:03/09/2023