وادەی گەیشتنی پارەكەی بەغداد بۆ هەرێم راگەیەندرا

دوای بڕیارەكەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارە لە سبەینێوە رێكارەكانی ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم دەستپێبكات، بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی (سپی میدیا) کەوتووە، بڕیارە سبەینێ سێشەممە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ رێكارەكانی ناردنی (٥٠٠) ملیار لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەستپێبكات و پارەكە بخرێتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم.

هەر بەپێی زانیارییەکان، كورتهێنانی مووچەی مانگی تەمووز بە داهاتی ناوخۆی هەرێم پڕدەکرێتەوە. 

دوێنێ یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی (٥٠٠) ملیار دیناری، بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دا کە ئەو بڕە پارەیە وەكو سولفەیەكە تا ئەو كاتەی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی.


AM:08:34:04/09/2023