حکومەتی هەرێم له‌باره‌ی پرسی بوودجه‌ و مووچه‌ی فەرمانبەران روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

وتەبێژی حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی فیدراڵ بڕیاری ناردنی ٥٠٠ ملیار دیناری بۆ مووچه‌ی فەرمانبەران داوه‌، به‌ڵام به‌شی مووچه‌ ناكات". 

پێشەوا هەورامی وتەبێژی فەرمی حکومەتی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە هەولێر سازکرا ڕایگەیاند" حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بڕی (٥٠٠) ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، ئەمەش بەشی مووچەی مووچەخۆران ناکات، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە (٩٤٠) ملیار دینارە". 

وتیشی" دەبینین ئەوەی حکومەتی فیدراڵی پراکتیزەی دەکات سیاسەتی برسیکردنە، لە کاتێکدا حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان کردووە".

لای خۆشیەوە ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوە)، رایگه‌یاند" زنجیرە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەنجامداوە و ئەو رێککەوتنەی واژۆکرا دەستکاری کراوە و مافە داراییەکانی هەرێم پێشێلکراوە". 

ڕاشیگەیاند" ئێمە مانگانە ٩٤٠ ملیار دینارمان پێویستە تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ئێستا بەغداد٥٠٠ ملیار دینار ڕەوانە دەکات و ئەو پارەیە بە داهاتی ناوخۆشەوە بەشی موچەی فەرمانبەران ناکات".

دوێنێ یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی (٥٠٠) ملیار دیناری دا، بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە ئەو بڕە پارەیە وەكو سولفەیەكە تا ئەو كاتەی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی.


PM:12:25:04/09/2023