زانكۆلاین بۆ ماوەی هەشت رۆژ بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی کارا دەکرێت بۆ وهرگرتنی دهرچووان له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ماڵپەڕەکە لە رۆژی سێشەممە ٥ ئەیلولەوە کارا دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، "لە رۆژی سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023) وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی)، تا رۆژی 12ـی ئەیلولی 2023، واتە بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ کارا دەبێت، بهوهش دهرچوان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچووان دهبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (Username)و (Password).
بۆ بهرچاوڕوونی زیاتری دهرچووانی پۆلی دوانزه و ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكانیەوە، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچووان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنها بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیدەگەیەنێت" وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانی پۆلی دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین."
دەربارەی دەرچووانی ئامادەیی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرای دەکات ' دوای دوو ڕۆژی تر سیستمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت، هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت دەرچووانی ساڵانی (٢٠١٥) تا (٢٠٢٢) ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان هەیە بۆ سیستەمەکانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەوا بە هەمان ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمانەی کە پێشتر وەریان گرتوە دەتوانن فۆرم پێشکەش بکەن، ئەگەر هەر دەرچووەکیش یوزەرنەیم و پاسوۆردی لەلا نەماوە ئەوا دەتوانێت سەردانی خوێندنگەکەی خۆی بکات بەمەبەستی دوبارە وەرگرتنەوەی.
سەبارەت بە دەرچووانی پێش ساڵی ٢٠١٥ ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان هەیە بۆ خوێندنی ئێواران ئەوا پێویستە بڕوانامەکانییان بە پەسەندکراوی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانییان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و هەر لەوێش یوزەرنەیم و پاسوۆردیان پێ دەدرێت.